|
پێویسته حكومه‌ت پێداچوونه‌وه له وه‌رزشی كوردستاندا بكات

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا
سه‌ره‌رِای بارودۆخی سه‌خت و پرِ مه‌ترسی له شاری به‌غدا ، كه رِۆژانه
ته‌قینه و كوشتن و رِفاندنی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت ، كه‌چی ئه‌و
قوتابخانه‌یه‌ی تۆپی پێ ، كه پێش رِووخانی رِژێمی به‌عس له به‌غدا دروست
كراوه ، تا ئێستا به‌رده‌وامه و به سه‌دان منداڵی به‌هره‌مه‌ندی تێدا
په‌روه‌رده ده‌كرێت و له‌لایه‌ن رِاهێنه‌ری به‌ناوبانگی عێراقی (عه‌ممۆ
بابا ) سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت ، له‌و قوتابخانه‌یه‌دا نزیكه‌ی 20 تیپی
جۆراوجۆر هه‌یه و یاریزان پێده‌گه‌یه‌نن ، كه دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه ،
هه‌ر ئه‌و منداڵانه گه‌وره ده‌بن و یانه‌كانی كوردستان به كۆشه
پاره‌یه‌ك بۆندیان له‌گه‌ڵدا مۆر ده‌كه‌ن .
كه‌چی له كوردستاندا ، جگه له‌وه‌ی 17 ساڵه ئازادی هه‌یه و بارودۆخێكی
باشتر له‌وه‌ی به‌غدا هه‌یه ، په‌رله‌مان و حكومه‌ت ، وه‌زاره‌ت و
دامه‌زراوه‌ی وه‌رزشیی (گه‌وره) یش هه‌یه ، كه‌چی تا ئێستا لایه‌نه‌كانی
به‌رپرس له وه‌رزش ، قوتابخانه‌یه‌كی پێگه‌یاندنی یاریزانانیان
نه‌كردۆته‌وه ، له‌وانه‌شه هه‌ر به بیریشیاندا نه‌هاتبێت پرۆژه‌یه‌كی وا
چێ بكه‌ن .
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی له وه‌رزشیی
كوردستان دا خه‌رج ده‌كات ، لێ رِۆژێك نه‌هات لێپیچینه‌وه‌یه‌ك بكات و
بپرسێت ئه‌رێ ده‌زگه و یانه وه‌رزشییه‌كان ، ئێوه ئه‌و پاره‌یه له چی
به فیرِۆ ده‌ده‌ن ، كوا به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی وه‌رزشتان له وڵات‌دا ، ئاخر
خۆ پێشكه‌وتن ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامی كاتیی نییه.
ئه‌و پاره‌یه‌ی كه خه‌رج ده‌كرێت ، به‌بێ به‌رنامه و پلانێكی دیاری كراوه
، رِاسته خول و پاڵه‌وانیه‌تی جۆراوجۆر ده‌كرێته‌وه ، به‌ڵام هیچ
ئامانجێكی بۆ پێشكه‌وتنی وه‌رزشیی كوردستانی له پشته‌وه نییه ، هه‌ر
ته‌نیا به‌رِێوه‌چوونی چالاكییه‌كانه و بۆ ئه‌وه‌یه بگوترێت وه‌رزشیی
كوردستان بوونی هه‌یه.
تا ئێستا هیچ كام له ده‌زگه وه‌رزشییه‌كانی كوردستان نه‌یانتوانیوه
قوتابخانه‌یه‌كی وه‌رزشیی (تۆپی پێ به تایبه‌تی ) له كوردستاندا بونیاد
بنێن ، كه بنه‌مایه‌كی رِاست و زانسیی و ئه‌كادیمییه بۆ پێشكه‌وتنی
وه‌رزش له هه‌ر شوێنێكدا ، برِواش ناكه‌م پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره ، له
ماوه‌ی ساڵێكدا پاره‌ی ئه‌و بۆندانه‌ی تێبچێت ، كه ئه‌م وه‌رزه یانه‌كانی
هه‌ولێر و دهۆك (بۆ نموونه) به یاریزان و رِاهێنه‌ره عه‌ره‌به‌كانی
خۆیان داوه.
ئێمه كه چه‌ند یانه‌یه‌كی (حووتئاسا)مان هه‌یه و ساڵانه به سه‌دان
ملیۆن دینار بۆ هێنانی یاریزانی عه‌ره‌ب به‌فیرِۆ ده‌ده‌ن ، تا ئێستا ئه‌و
یانانه‌ش نه‌یانتوانیووه قوتابخانه‌یه‌كی (ته‌مه‌ندرێژ ) بۆ پێگه‌یاندنی
یاریزانانی منداڵ پێكبهێنن ، كه لێشیان ده‌پرسی بۆچی قوتابخانه‌تان نییه،
هه‌زار بیانووت بۆ ده‌هێننه‌وه ، كه رِه‌نگیشه پیچه‌ك له‌و بیانووانه
رِاست بن.
پێموایه شه‌رمه له كوردستانی ئازاد و پێشكه‌وتوودا تا ئێستا
قوتابخانه‌یه‌كی پێگه‌یاندنی یاریزانان نییه ، ئه‌مه بۆ خه‌مساردیی و بێ
توانایی خۆمان ده‌گه‌رِێته‌وه ، ئیدی كاتی ئه‌وه هاتووه حكومه‌تی
كوردستانیش پێداچوونه‌وه‌یه‌ك له خه‌رجكردنی پاره له وه‌رزشی كوردستاندا
بكات و چیدیكه ئه‌و پاره‌یه به (ئاو) دا نه‌دات و میكانیزم و پلانی
خه‌رجكردنی پاره‌ش له‌و وڵاته‌دا بۆ وه‌رزش بگۆرِێت ، چونكه ئه‌وه
پێشكه‌وتن نییه چه‌ند ئه‌نجامێكی كاتیی به‌ده‌ست بهێنین و بناخه و
داهاتوویه‌ك بۆ وه‌رزشیی ئه‌و وڵاته نه‌بێت .
|