|
له‌یونسه‌وه ناوى خۆى بۆ سه‌رهه‌نگ گۆرِى ئاراس رواندزى : زۆر جار بیستوومانه كه هانده‌ران و هه‌وادارانى وه‌رزشى له‌خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌ستێره‌یه‌كى تۆپى پێى ژوره‌كه‌ى ماڵه‌وه‌یان پرِ وێنه‌ى یاریزان ده‌كه‌ن. یاخود جل و به‌رگ و ژماره‌ى ئه‌ستێره‌كه ده‌كه‌نه به‌رگ و پۆشاكى رۆژانه‌یان, به‌لاَم زۆر ده‌گمه‌ن بیستوومانه كه یه‌كێك ناوى خۆى بۆ ناوى هه‌مان یاریزان بگۆرِێت. "یونس حه‌سه‌ن"ى له‌دایك بووى ساڵى 1990ى شارى هه‌ولێر یه‌كێكه له‌و عاشق و هه‌وادارانى "سه‌رهه‌نگ موحسین" گۆڵچى به‌تواناى یانه‌ى هه‌ولێر و هه‌ڵبژارده‌ى ئۆلۆمپى عێراق. یونس خێزانداره‌و خاوه‌ن دوومنداڵى خنجیلانه‌یه. خۆشى وه‌رزشوانه‌و پار ساڵ گۆڵچى یانه‌ى پێشكه‌وتن بووه, به‌لاَم له‌به‌ر كه‌م ده‌رامه‌تى و له‌ئه‌ستۆگرتنى بژێوى ژیانى ماڵه‌وه‌ى نه‌یتوانیوه به‌رده‌وام بێت. ناوبراو له‌خۆشه‌ویستى راده‌به‌ده‌رى بۆ "سه‌رهه‌نگ موحسین" ناوى خۆى له"یونس"ه‌وه بۆ "سه‌رهه‌نگ" گۆرِییه‌وه . بۆیه ئێستا ناوى یونس حسن له‌به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى ناسنامه‌ى هه‌ولێر گۆرِا بۆ ( سه‌رهه‌نگ حه‌سه‌ن ) سه‌رهه‌نگ حه‌سه‌ن له‌وباره‌وه ده‌ڵێت: سه‌رهه‌نگ موحسین مێشكى منى داگیر كردووه, له‌هه‌موو شوێنێك له‌خه‌یاڵمه. به‌رِاستى من زۆر سه‌رسامم به‌سه‌رهه‌نگ. ئه‌و گۆڵچیه له‌راده‌به‌ده‌ر به‌تواناو لێهاتووه. سه‌باره‌ت به‌هۆكارى ناوگۆرِینى بۆ "سه‌رهه‌نگ"یش ده‌ڵىَ: به‌راِستى له‌پاڵ سه‌رسامیم من له شێوه‌و بالاَشم زۆر له‌سه‌رهه‌نگ ده‌چم. جگه له‌وه‌ى زۆر جار له‌نێو یاریگاش به"سه‌رهه‌نگ" بانگیان ده‌كردم. له‌كۆتایشدا سه‌رهه‌نگ هیواى سه‌ركه‌وتن و له‌ش ساغى بۆ گۆڵچى به‌تواناى شارى هه‌ولێر "سه‌رهه‌نگ موحسین" خواست.
ئاراس رواندزى
|